دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 خولەک پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد دانەخراوە بەڵام هیچ هەنگاوێکی نادەستووری قبووڵ ناکەین

هەرێم نیوز
⠀
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای یەکڕیزیی نێوخۆیی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە، هیچ بەرژەوەندییەکی کەسی و حزبی لە پاراستنی ئەم ئەزموونە گەورەتر نییە.
⠀
مەسرور بارزانی، لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، دەبێت هەموو تاکێکی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی بکات.
⠀
سەرۆکی حکوومەت گوتی: «ئێمە ئامادەین ناکۆکییەکانمان وەلا بنێین و هەموومان ببین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان».
⠀
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، مەسرور بارزانی سەرسوڕمانی خۆی لە بەیاننامەکەی بەغدا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، ناوەڕۆکی بەیاننامەکە لەگەڵ گفتوگۆکانی پێشووی هەردوو لا ناگونجێت و بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە.
⠀
لەبارەی کێڵگەی کۆرمۆر و سەرچاوە سروشتییەکانەوە، سەرۆکی حکوومەت ڕوونیکردەوە، لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەدا پێشکەوتنی باش لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەدیهاتووە.
⠀
هەروەها جەختی کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیاکانە، بەڵام هیچ هەنگاوێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستوور قبووڵ ناکات.
⠀
مەسرور بارزانی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ڕێز لە دەستووری عێراق بگرێت و پشتیوانی لە پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و سیستەمی فیدراڵیی عێراق بکات.
⠀
سەبارەت بە لووتکەی هەولێریش، سەرۆکی حکوومەت هیواخوازیی خۆی بۆ بەردەوامبوونی بەڕێوەچوونی ئەو لووتکەیە و ڕۆڵی کارای هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان دەربڕی.
⠀
لە کۆتاییدا، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دانەخراوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەسەر بنەمای دەستوور، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نادەستووری پەسەند ناکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP