دواین هەواڵ

کوردستان‌

 29 خولەک پێش ئێستا

پارتی و یەکێتی: بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات

هەرێم نیوز
⠀
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەخت دەکەنەوە کە پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە و بڕیاری تاکلایەنەش خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی 11ـی 2026، پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا بڵاویانکردەوە، ئەو ڕاگەیەندراوەی لەلایەن وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەرچووە لەگەڵ ئەو پێشهات و ڕێوشوێنانەی لەم چەند ڕۆژەدا لە عێراق لە ئارادان، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە زیاتری داوا نەکردووە و بە درێژایی ساڵانی ڕابردووش مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.
⠀
هەردوو حزب جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت دەبێت دەستوور حەکەم بێت لە نێوانیان و جگە لە دەستوور هەر ڕێوشوێن و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێم نادەستوورییە.
⠀
لە کۆتاییدا پارتی و یەکێتی دووپاتیان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن، هاوکات ڕایانگەیاندووە کە لەگەڵ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتندان و بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق ناکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP