دواین هەواڵ

کوردستان‌

 57 خولەک پێش ئێستا

کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بەرز دەنرخێنێت

هەرێم نیوز
⠀
بارزانی، پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ڕووسیا لە هەولێر کرد و هەردوولا جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کردەوە.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی 11ـی 2026، بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە مەڕات ڕەژبەدینۆڤ، کونسوڵی گشتیی نوێی ڕووسیا لە هەولێر کرد.
⠀
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی ڕووسیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ڕووسیا و گەلی کوردستان کرد و جەختی لە ویستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
⠀
کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ئەوەشی خستەڕوو کە هەرێمی کوردستان بایەخێکی تایبەتی بۆ ڕووسیا هەیە و ڕۆڵی هەرێمی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا بەرز نرخاند.
⠀
لە بەرامبەردا بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ڕووسیا کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ڕاگەیاند، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و ڕووسیای بە مێژوویی و پتەو و دۆستانە وەسف کرد و خوازیاری فراوانترکردنی ئەو پەیوەندییانە بوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP