هەرێم نیوز
⠀
بڕیارە سبەینێ چوارشەممە نوێنەرانی یانەی بارسێلۆنا و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لەسەر لێدوانەکانی پێرێز دەربارەی دۆسیەی "نێگرێرا" لەبەردەم دادگای مەدرید کۆببنەوە.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی 11ـی 2026، ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، بڕیارە کاتژمێر ٩:٤٠ خولەکی بەیانیی سبەینێ چوارشەممە، 25ـی 11ـی 2026، نوێنەرانی بارسێلۆنا و پێرێز یان پارێزەرەکانی لە هۆڵەکانی دادگای ١ و ٢ـی مەدرید ئامادە بن بۆ دانیشتنێکی ئاشتەوایی و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە.
⠀
سەرچاوەی ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی پێرێز لە ١٢ـی ئایاری ڕابردوو و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەی لەگەڵ کەناڵی "لا سێکستا" کە تێیدا دۆسیەی نێگرێرای بە گەورەترین گەندەڵی لە مێژووی تۆپی پێدا ناوبرد و بارسێلۆنای بە بەرتیلدان بە ناوبژیوانان تۆمەتبار کرد.
⠀
پێرێز لەو لێدوانانەیدا گومانی خستبووە سەر نازناوەکانی بارسێلۆنا و وتبووی دەیتوانی ١٤ نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت لەبری ٧ نازناو بەڵام لێی دزراون، هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە لەم وەرزەدا ١٦ یان ١٨ خاڵیان لێ دزراوە.
⠀
لە بەرامبەردا خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا، لەگەڵ بەشی یاسایی یانەکە لە ١٢ـی حوزەیرانی ڕابردوودا داوای دانیشتنێکی ئاشتەواییان کرد بۆ ئەوەی پێرێز ناچار بکەن لەو لێدوانانە پاشگەز ببێتەوە کە بە بوختان و زیانگەیاندن بە ناوبانگی یانەکەی دەزانن.
⠀
ئەم دانیشتنە دوا دەرفەتە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و بارسێلۆنا هۆشداریی داوە کە ئەگەر فلۆرێنتینۆ پێرێز پاشگەزبوونەوەیەکی قبووڵکراو لە لێدوانەکانی نەکات، ئەوا بە فەرمی سکاڵایەکی تاوانکاری دژی سەرۆکی ڕیاڵ مەدرید تۆمار دەکەن.