هەرێم نیوز
⠀
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٥٠ پێگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دانانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەستنیشان کراون و بەمزووانەش ناوی لایەنی هێرشکاری سەر کێڵگەی کۆرمۆر ئاشکرا دەکرێت.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، سەباح نوعمان لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان وتی، فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی لە وەزارەتی بەرگری پلانێکی تەواوی ئامادە کردووە و لیژنەیەک زیاتر لە ٥٠ پێگەی دەستنیشان کردووە کە بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دەبن بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئاسمان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژییەکان.
⠀
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەش کرد، کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کە مووشەکی بەرپەرچدەرەوە و ڕادار و سیستەمی دژەدرۆن لەخۆدەگرێت، کاری لەپێشینەی حکومەتە و بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە و ئێستا لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندان بۆ بەدەستهێنانیان.
⠀
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، سەباح نوعمان ڕوونیکردەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە ڕاپۆرتی سەرەتایی پێشکەش کردووە و بەمزووانە ڕاپۆرتی کۆتایی تەواو دەبێت و جەختی کردەوە کە عەلی زەیدی سڵ ناکاتەوە لە ناوهێنانی ئەو کەس و لایەنانەی هۆکار بوون و تێوەگلاون.
⠀
لەبارەی پێشهاتەکانی ناحیەی جرف سەخەر، ناوبراو وتی، لە ڕۆژی هەینییەوە پرۆسەی جێگۆڕکێی هێزەکان دەستی پێ کردووە و بە سەرپەرشتیی فەرماندەی نوێی بارەگای کۆنترۆڵکردن، یەکە سەربازییە نوێیەکان بە شێوەی یەک لە دوای یەک شوێنی ئەو یەکانە دەگرنەوە کە پێشتر ناوچەکەیان بەدەستەوە بوو.
⠀
لە تەوەرێکی دیکەدا سەباح نوعمان دووپاتی کردەوە، هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و پاراستنی هەرێمی کوردستان ئەرکی پێشمەرگەیە، هەروەها هەردوو لیوا هاوبەشەکە لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەرکەکانیان بە دروستی جێبەجێ دەکەن و لە قۆناغی داهاتوودا بە کامێرای گەرمی و تەکنەلۆژیای نوێ تواناکانیان پەرەپێدەدرێت.