هەرێم نیوز
⠀
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵێکی بەقاچاخبردنی ١١ پارچە شوێنەواری بەنرخیان لە پارێزگای کەرکووک پووچەڵ کردووەتەوە و تۆمەتبارێکیشیان دەستگیر کردووە.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی و میراتی شارستانیی عێراق، مەفرەزەکانی هەواڵگریی سەربازی لە بارەگای کۆنترۆڵکردنی خورماتوو توانیویانە ئەو هەوڵە لە کەرکووک شکست پێ بهێنن.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئۆپەراسیۆنەکە پشتبەست بە زانیاریی وردی هەواڵگری بووە کە نیازێکی بۆ بەقاچاخبردنی پارچە شوێنەوار لە کەرکووکەوە بەرەو پارێزگای سەڵاحەددین ئاشکرا کردبوو و لە بۆسەیەکی تۆکمەدا یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە ١١ پارچە شوێنەواری جۆراوجۆرەوە دەستگیر کرا.
⠀
هاوکات ڕوونکراوەتەوە کە تۆمەتبارەکە لەگەڵ پارچە شوێنەوارە دەستبەسەرداگیراوەکاندا بە شێوەی یاسایی ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەری بەپێی ماددەی ٤٤ـی یاسای شوێنەوار.
⠀
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە ڕاوەدوونانی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە هەوڵی بازرگانیکردن بە میراتی مێژوویی و شارستانیی عێراقەوە بدات.