هەرێم نیوز
⠀
ئەرکان عەلی وەک یەکەم قایمقامی قەزای خورماڵ دەستبەکار بوو و ڕایگەیاند، لە پێشینەی کارەکانیان خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بنیاتنانی یەکە کارگێڕییەکانی سنوورەکە دەبێت.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی 11ـی 2026، ئەرکان عەلی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، بەرنامەی کاری لەپێشینەیان بریتییە لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خورماڵ، بنیاتنانی یەکە کارگێڕییەکانی سنوورەکە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
⠀
ئەرکان عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمڕۆ بۆ خورماڵ، ناوچەکە و پارێزگای هەڵەبجە ڕۆژێکی مێژووییە.
⠀
قایمقامی نوێی خورماڵ جەختی کردەوە، لە داهاتوودا هەوڵەکانیان بۆ پێشخستنی سنوورەکە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان چڕ دەکەنەوە.
⠀
خورماڵ یەکێکە لە ناوچە دێرین و ستراتیژییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و دەروازەیەکە بەرەو ناوچەی هەورامان کە پێشتر وەک ناحیە سەر بە قەزای ناوەندیی هەڵەبجە بوو.
⠀
لە 30ـی 7ـی 2023 فەرمانی دەستپێکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ بەقەزاکردنی خورماڵ لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوو و لە 9ـی 5ـی 2024 مەرسوومی هەرێمی بۆ هێنانەکایەوەی قەزاکە واژۆ کرا.
⠀
بەپێی یاسای کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان، پڕکردنەوەی پۆستی قایمقام لەسەر پێشنیازی پارێزگار و دەرچوونی فەرمانی فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆوە دەبێت، بەتایبەت لە هەڵەبجە کە بەهۆی نەبوونی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ڕێکارەکان لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕەزامەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە یەکلایی دەکرێنەوە.
⠀
چاوەڕوان دەکرێت دەستبەکاربوونی یەکەم قایمقامی خورماڵ ببێتە هەنگاوێک بۆ تەواوکردنی هەیکەلی کارگێڕیی قەزاکە، کردنەوەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و برەودان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری و بازرگانی لە سنوورەکەدا.