دواین هەواڵ

کوردستان‌

 57 خولەک پێش ئێستا

ئەمڕۆ کاتی ناردنی گازی شلی ماڵان بۆ کوردستان دیاری دەکرێت

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێت، هەموو رێکارە کارگێڕییەکان بۆ ناردنی گازی شلی ماڵان لە بەغداوە تەواو بوون و بڕیارە ئەمڕۆ کاتی ناردنی گازەکە دیاری بکرێت. 

فەلاح سەیید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راگەیاند، هەموو رێکارەکانی گواستنەوە و کارگێڕییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ناردنی گازی شلی ماڵان لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو بوون و چاوەڕێی بەغدان. 

فەلاح سەیید مەولوود گوتی، "رۆژانە سەبارەت بەم پرسە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە پەیوەندیداین. بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق کاتی ناردنی گازەکە یەکلایی بکاتەوە. ئەگەر فەرمانی بە خوارەوەی خۆی کرد گازەکە بنێرن، دەستبەجێ دەست بە بارکردنی دەکرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت". روونیشی کردەوە، گازەکە بە چەند کاروانێک رەوانە دەکرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراق دواخراوە، چونکە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی گازەکەی بۆ هەرێمی کوردستان داوە و هەموو رێکارەکانیش تەواو بوون. 
فەلاح سەیید مەولوود روونیشی کردەوە، وەک هەرێمی کوردستان داوای 760 تۆن گازی شلیان بۆ هەر چوار پارێزگاکە کردووە (هەولێر 300 تۆن، سلێمانی و هەڵەبجە 260 تۆن و دهۆکیش 200 تۆن)، بەڵام پێدەچێت بەغدا پێداچوونەوە بە بڕی بەردەستی خۆیدا بکات. گوتیشی، "هەر بڕێک بگات باشە و کێشەمان نییە، لەبەر ئەوەی بڕی کۆگاکراومان لە بەڕێوەبەرایەتییەکان هەیە، بەڵام چەند زیاتر بێت باشترە". 

بە گوتەی ئەو، ئەگەر بۆ نموونە لە جیاتی 760 تۆن، تەنیا 500 تۆن بنێردرێت، ئەو کاتە دابەشکارییەکە بە نزیکەیی بەم شێوەیە دەبێت، پشکی هەولێر دەبێتە 200 تۆن لە کاتێکدا داوای 300 تۆنی کردووە، پشکی سلێمانی دەبێتە 180 تۆن و 120 تۆنیش بۆ دهۆک دەمێنێتەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP