هەرێم نیوز
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمراڵی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە نێو زینداندا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ، هاوکات داوا دەکات دەرفەتی پەیوەندیکردن بۆ خستنەڕووی کارەکانی لەبارەی ئاشتی بڕەخسێندرێت و زەمینەی یاسایی بۆ پڕۆسەکە دابین بکرێت.
گواستنەوەی ئۆجەلان بۆ شوێنێکی نوێ و داواکارییەکانی بۆ قۆناغی داهاتوو
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی کە پێک هاتبوو لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ، پارێزەر، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوێنێ یەکشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەم، لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆ بوونەتەوە.
شاندەکە ئاماژەی بەوە داوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە نێو زینداندا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ و ئەو هەنگاوەیان بە پێشکەوتنێکی ئەرێنی لە ڕووی هەلومەرجی ژیان و کارکردنەوە ناو بردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئۆجەلان داوای کردووە دەرفەتی پەیوەندیکردن بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی خۆی کارە دوو ساڵییەکەی لەبارەی "یەکێتیی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد" بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بیروڕای گشتی بخاتە ڕوو، هەروەها لە قۆناغی ئێستای پڕۆسەکەدا دەستە و کۆمیسیۆنەکان لە چوارچێوەی یاسایەکی گشتگیردا کارا بکرێن و زەمینەی یاسایییان بۆ دابین بکرێت. بەگوێرەی شاندەکە، ئۆجەلان لەم قۆناغەدا وەک "ڕێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن" پێداگرە لەسەر قووڵکردنەوە و درێژەدان بە کارەکانی.
هەڵسەنگاندنی ئۆجەلان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و پرسی کورد
لە ڕاگەیەندراوەکەی شاندی ئیمراڵیدا پوختەی بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکەدا خراوەتە ڕوو و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەردەم قۆناغێکی وەرچەرخاندا وەستاون لە مێژووی کۆماری تورکیادا، تێپەڕاندنیشی پێویستی بە کارکردنی هەمەلایەنە و ئاگاداربوون لە مەترسییەکان هەیە.
ئۆجەلان پێی وابووە کە نابێت سیاسەت لە تورکیا لە نێو هاوکێشەی "گوشار، هاندان و کاردانەوە"ـدا سنووردار بکرێت، چونکە داخستنی گۆڕەپانی سیاسی ڕێگە بۆ جووڵەی هێزە نادیموکراتییەکان خۆش دەکات کە ئامانجیان کورد و هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسییە. ڕوونیشی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو توانای گۆڕانکارییەی پڕۆسەکە بۆ وڵات و ناوچەکە هەیەتی، هەمیشە هەوڵی تێکدەرانە لە لایەن ناوەندە جیاوازەکانەوە دەبێت و جەختی کردووەتەوە: "کاریگەرترین ڕێکار بەرانبەر ئەمانە، بەهێزکردنی پڕۆسەکەیە لە ڕێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆجەلان پرسی کوردی وەک "پرسی دیموکراسی" هەڵسەنگاندووە و ئەوەی خستووەتە ڕوو، چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە و دژی هزری ڕەگەزپەرستی و هەوڵە کودەتاچییەکانە، هاوکات ئاماژەی بەوە داوە کە سیاسەتی دیموکراتی پێویستی بە بەرنامەیەکی جێگیری بنەماکان هەیە نەک پشتبەستن بە ڕووداوە ڕۆژانەکان.
کۆماری دیموکراتیک و نیگەرانی لە دۆخی زیندانەکان
سەبارەت بە کۆمار و مافی گەلان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕوونی کردووەتەوە، دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی داواکاریی هەموو گەلی تورکیایە و کورد خوازیاری ئاشتی و خاوەندارێتیکردنی کۆمارە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیی گەرەنتیکراودا تاکوو دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنرێت، گوتووشیەتی: "کۆماری دیموکراتیک تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نموونە."
لە بەشێکی دیکەی هەڵسەنگاندنەکانیدا، ئۆجەلان نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ئێستای زیندانەکان دەربڕیوە و ڕای گەیاندووە، گیانلەدەستدان لە زیندانەکان، هەڵوەشاندنەوەی ئازادکردنی مەرجدار و پەیڕەوکردنی ڕەفتاری جیاواز لە زیندانەکاندا، هیچ پاساوێکیان نییە و هاندان دژی پڕۆسەکە لەخۆ دەگرن.
پاشخانی دیدارەکە و پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی
ئەم دیدارەی شاندی ئیمراڵی لە کاتێکدایە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دوایین سەردانیاندا لە ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جموجووڵەکان پەیوەست بە پڕۆسەی ئاشتی چڕتر بوونەتەوە.
لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزیری ناوخۆی تورکیا لەگەڵ پارێزگارانی هەشت پارێزگا تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەری کۆ بووەوە، هاوکات پێنج پسپۆڕی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکی شەش لاپەڕەییدا داوایان لە ئەنقەرە کرد گەرەنتیی دادوەری و چاودێریی سەربەخۆ لە یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتیدا بەهێزتر بکات.