دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 خولەک پێش ئێستا

هەولێر خۆی بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو ئامادە دەکات

هەرێم نیوز

پارێزگای هەولێر بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە ئامادەکارییە پێشوەختەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری دروستبوونی لافاو پێش هاتنی شەپۆلەکانی بارانبارین ئەنجام دا.

نەخشەی ناوچە هەستیارەکان و پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەر و نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە پرسی لافاو و چۆنیەتیی ئامادەکارییە پێشوەختەکان ئەنجام درا."

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا تیمێک لە ئەندازیاران و شارەزایانی بوارەکە پرێزنتەیشنێکی زانستی و وردیان پێشکەش کرد؛ تێیدا بە پشتبەستن بە داتا و نەخشەی تۆپۆگرافی، تیشک خرایە سەر سەرجەم ئەو ناوچە و گەڕەکانەی کە هەستیارن و ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت.

هاوکات، میکانیزم و ڕێگەچارە زانستییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاککردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکان پێش هاتنی شەپۆلەکانی بارانبارین خرانە ڕوو.

پەیامی پارێزگاری هەولێر بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان
لای خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشیی لە ئەندازیاران، شارەزایان و تەواوی تیمە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ ئەو توێژینەوە زانستی و ئامادەکارییە وردانەی ئەنجامیان داوە.

پارێزگاری هەولێر جەختیشی لەوە کردەوە کە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانیانە و پێویستە سەرجەم فەرمانگەکان بە هەماهەنگییەکی تەواوەوە هەموو ڕێکارە پێویستەکان بگرنە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP