دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: لە ترسی هەڕەشەکانی ئێران هێشتا لە بنکەیەکی سەربازی دەژیم

هەرێم نیوز

لەترسی پلان و هەڕەشە تیرۆرستییەکانی ئێران، ئیدارەی ترەمپ بەرپرسە باڵاکانی خۆی دەگوازێتەوە بنکە سەربازییەکان.

ئەمڕۆ کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری چەندین سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشكرای کرد، بەهۆی زیادبوونی پلانە تیرۆرستییەکان و هەڕەشەکانی ئێران بۆ تیرۆرکردن. بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بوونەتە پەناگەی بەشێک لە باڵاترین بەرپرسەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

بەپێی زانیارییەکانی فۆکس نیوز، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا یەکێکە لە دواین ئەو بەرپرسانەی کە بۆ بنکەیەکی سەربازی گواستراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی هەر یەک لە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ لە بنکەی سەربازی 'فۆرت کنیەر' لە ویلایەتی واشنتن نیشتەجێبوون و ستیڤن میلەر، سەرۆکی ستافی کۆشکی سپی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەش گواستراونەتەوە بنکە سەربازی و خانووە پارێزراوەکانی حکومەت.

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزیان گوتووە، هەڕەشەکانی ئێران دژی وەزیری گەنجینەی وڵاتەکە "گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو". مانگی ڕابردووش، شۆن کوران، بەڕێوەبەری دەزگای پاسەوانی نهێنی هۆشداری دابوو، لەوەی هەڕەشەکانی دژ بەو کەسانەی لەلایەن دەزگاکەوە دەپارێزرێن، بەڕێژەی 40% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبوونەتەوە، تەنیا ئەمساڵ نزیکەی 10 هەزار کەیسی هەڕەشەکردن تۆمار کراون.

ئەم ڕێکارە نوێیانە لە کاتێکدایە، ڕۆژنامەی 'ئیسرائیل هایۆم' هۆشداری داوە لەوەی دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ئیسرائیل - مۆساد زانیاری هەواڵگری بە ئەمریکا داوە سەبارەت بە بوونی پلانێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی باڵا، هەر بەم هۆیەشەوە ترەمپ بەشێوەیەکی فەرمی دەرکەوتنەکانی کەم کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP