هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان دەرکرد، بەپێی بڕیارەکەش ئۆتۆمبێلە تەواو کارەبایییەکان بە تەواوی لە ڕسووماتی تابلۆ و ژینگە دەبەخشرێن و بڕیارەکەش لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەخشینی ئۆتۆمبێلی تەواو کارەبایی لە ڕسووماتی تابلۆ و ژینگە
ئەمڕۆ هەینی، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکی فەرمیدا ڕێنمایییە نوێیەکانی بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکان بۆ هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تەواو کارەبایین، بە ڕێژەی ١٥% گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام بە تەواوی لە هەموو ڕسووماتێکی تابلۆ و ژینگە دەبەخشرێن.
مەرج و ڕسووماتی ئۆتۆمبێلەکانی پلاگ ئین هایبرێد و هایبرێد
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێل کە سیستەمی کارەبا و سووتەمەنییان تێدایە، وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردووەتەوە:
•ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە کارەبا و بەنزین کار دەکەن (پلاگ ئین هایبرێد)، بە ڕێژەی ١٥% گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بە ڕسووماتی ئۆتۆمبێلی چوار پستۆن تۆمار دەکرێن و هەموو ڕسووماتێکیان لێ وەردەگیرێت.
• ئۆتۆمبێلی (هایبرێد و میڵدهایبرێد)، کە بزوێنەریان هەیە و بە سووتەمەنی کار دەکات و پاتریی کارەبای تێدایە، بەپێی ژمارەی پستۆنەکانیان تۆمار دەکرێن و هەموو ڕسووماتێکیشیان لێ وەردەگیرێت.
کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە
بەپێی نووسراوەکەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەم بڕیارە لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ـەوە (٢٠٢٧/١/١) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە.