دواین هەواڵ

جیهان‌

 13 خولەک پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین پێش لووتکەی سێقۆڵی لە چین کۆبوونەوە

هەرێم نیوز
⠀
دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین لە شاری شێنجێنی چین کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا و بڕیاریشە ئەمڕۆ لووتکەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ شی جینپینگ ساز بکەن.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی 11ـی 2026، کرێملن لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتین ماوەی ٤٠ خولەکی خایاندووە.
⠀
لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا دۆناڵد ترەمپ پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە بە ڤلادیمیر پووتینی وتی، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەم دیدارە بوون و پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا دەرەنجامی زۆر باشی لێ بکەوێتەوە.
⠀
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، ماوەیەکی زۆرە یەکتر دەناسن و پێی وایە دەتوانن لەم کۆبوونەوەیەدا زۆر کاری گەورە ئەنجام بدەن یان لانیکەم دەستی پێبکەن.
⠀
سەبارەت بە لووتکە سێقۆڵییەکەی ئەمڕۆ لەگەڵ شی جینپینگ، کرێملن ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی هەرسێ سەرکردەکە لە کاتژمێرێک زیاتر ناخایەنێت.
⠀
هاوکات دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا، بە ئاژانسێکی هەواڵیی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک کاتژمێر بۆ ئەم لووتکەیە تەرخان نەکراوە.
⠀
دوێنێ چوارشەممەش هەرسێ سەرکردەکە لە پەراوێزی لووتکەی ئاپیک لە شێنجێن چاویان بە یەکتر کەوتبوو و لە کەشێکی دۆستانەدا سڵاویان لە یەکتر کردبوو.
⠀
ئەم لووتکە سێقۆڵییە نیگەرانیی لەوە دروست کردووە کە ئەو سێ سەرکردەیە بەبێ بەشداریکردنی کیێڤ و ئەوروپا چارەنووسی ئۆکرانیا یەکلایی بکەنەوە یان ناوچەکانی هەژموون دابەش بکەنەوە.
⠀
ئەم دیدارەش دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چین لەگەڵ سەرکردەکانی ڕووسیا و چین تاوتوێی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و دۆسیەکانی ئێران و جەنگی ئۆکرانیا دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP