هەرێم نیوز
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە هەر کەشتییەک لە نێو دەریادا بار لە کەشتییەکی دیکە وەربگرێت کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بار کرابێت، وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی گەمارۆی دەریایی هەژمار دەکرێت و رێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دوێنێ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەشتییە بە هیچ شێوەیەک نەچووبێتە نێو بەندەر یان کەناراوەکانی ئێرانەوە، هەر جۆرە وەرگرتنێکی بار لە دەریادا لە کەشتییە گەمارۆدراوەکان بە پێشێلکاری دادەنرێت.
سێنتکۆم بە ڕوونی ئەو ڕێکارانەی ئاشکرا کردووە کە دژ بەو کەشتییانە دەیگرێتەبەر، لەوانە ڕاگرتن، چوونە سەر کەشتییەکە بۆ پشکنین، گۆڕینی ئاراستەکەی، دەستبەسەرداگرتنی، یان ناچارکردنی بە گەڕانەوە بۆ ئەو بەندەرە ئێرانییەی بارەکەی لێ هێنراوە.
هاوکات هۆشداریی توندیشی داوە کە هەر کەشتییەک دەستبەجێ ملکەچی فەرمانە یاساییەکان نەبێت،، ڕووبەڕووی بەکارهێنانی هێز دەبێتەوە بەپێی یاسا بەرکارەکان.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 13ـی نیساندا گەمارۆی دەریایی خستە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران، و دوای هەڵپەساردنێکی کاتی لە مانگی حوزەیران، لە 14ـی تەممووزدا و پاش هەرەسهێنانی ڕێککەوتنەکان گەمارۆکەی بە تەواوی سەپاندەوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران چەندین مانگە بە تەواوی وەستاوە و تەنیا بڕێکی سنووردار لە گازی شل و سووتەمەنیی فڕۆکە هەناردە کراوە.