هەرێم نیوز
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هۆشداریی دا لەوەی کەشوهەوای جەنگ سەرلەنوێ لە کەنداوی عەرەبی گەرم دەبێتەوە و ڕایگەیاند، سیستەمی کۆنی جیهانی خەریکە هەرەس دەهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، جیهان لەناو جەرگەی قۆناغێکی بە ئازاردایە کە تێیدا سیستەمی کۆنی جیهانی هەرەس دەهێنێت بەبێ ئەوەی کەس بزانێت چی جێگەی دەگرێتەوە، و جەختی کردەوە کە لە پشت پەردەوە ململانێیەکی زۆر توندتر و وێرانکەرتر لەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن نیشانی دەدەن بەڕێوەدەچێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان باسی لە دۆخی ناوچەکە و جیهان کرد و وتی، لە کاتێکدا جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە زیانی هاوبەشەوە بەردەوامە، دوای ناردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان کەشوهەوای جەنگ جارێکی دیکە لە کەنداوی عەرەبی گەرم بووەتەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە پێش سەختتربوونی وەرزی زستان، کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە کەرتی غەززە بەهۆی کۆتوبەندەکانی ئیسرائیلەوە دەستی پێکردووە.