دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

دوای شەپۆلی لەکارکەوتنی فڕۆکەوانیی ئەمریکا و مایکرۆسۆفت؛ ئەمجارە تۆڕی نهێنیی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی لەکارکەوت

هەرێم نیوز

تۆڕێکی پەیوەندیی یەکجار نهێنی کە لەلایەن ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا (NSA) بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەستیارەکان لە ناوخۆدا بەکاردەهێنرێت، تووشی لەکارکەوتن بووە و تیمە تەکنیکییەکانی ئاژانسەکەش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکار و قەبارەی کێشەکە.

تۆڕی هەواڵیی (CNN) لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو تۆڕەی لەکارکەوتووە ناوی (NSA Net)ـە و کارمەندانی بەهێزترین دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی داتا و زانیارییە زۆر نهێنییەکان بەکاریدەهێنن. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەم لەکارکەوتنە لە ئەنجامی هێرشێکی ئەلیکترۆنی (سایبەری) بووبێت. هاوکات ئاژانسەکە سیستەمێکی قۆناغبەندیی بۆ چوونی کارمەندانی بۆ سەر کارەکانیان پەیڕەو کردووە تا ئەو کاتەی کێشە تەکنیکییەکە چارەسەر دەکرێت.

کاریگەریی لەکارکەوتنەکە لەسەر گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئێستا و بەرپرسێکی پێشووی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پەککەوتنی تۆڕی (NSA Net) هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای ئاژانسەکە نابێت بۆ گەیاندنی زانیارییە هەواڵگرییە بەپەلەکان بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ئێستا لە فلیپینە و لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ کیشوەری ئاسیا لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی (Air Force One)ـدایە. بە وتەی ئەو بەرپرسانە، حکومەتی ئەمریکا چەندین سیستەمی یەدەگ و تۆڕی جێگرەوەی پارێزراوی هەیە بۆ پەیوەندیکردنی بەردەوام بە سەرۆکەوە، بەتایبەت کە بڕیارە سبەینێ ترەمپ بەرەو چین بەڕێبکەوێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا.

زنجیرەیەک لەکارکەوتنی تەکنیکی لە ئەمریکا
لەکارکەوتنی تۆڕە نهێنییەکەی ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی، هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک کێشەی تەکنیکیی گەورە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دامەزراوە هەستیارەکانی ئەمریکا و جیهانی گرتووەتەوە:

 کەرتی فڕۆکەوانی: ڕۆژی هەینی ڕابردوو، بەهۆی لەکارکەوتنێکی تەکنیکی لە یەک ئامێری دابەشکردنی ئینتەرنێت (ڕاوتەر) لە ویلایەتی ئارکنساس، تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک وەستان و هەزاران گەشت دواخران یان هەڵوەشانەوە، کە زیانەکەی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

سیستەمەکانی مایکرۆسۆفت: هەفتەی ڕابردووش، لەکارکەوتنێکی بەرفراوان لە خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت (مایکرۆسۆفت ٣٦٥) لە ٧٠ وڵاتی جیهاندا بووە هۆی پەککەوتنی پۆستی ئەلیکترۆنیی (Outlook) و کۆبوونەوەکانی (Teams).

هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەم سێ ڕووداوە هێرشی سایبەری بووبن، بەڵام شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا و ئاسایش پێیان وایە ئەم پەککەوتنە یەک لە دوای یەکانە زەنگێکی مەترسیدارن و نیشانی دەدەن کە چۆن هەڵەیەکی تەکنیکی دەتوانێت بازاڕەکان بشڵەژێنێت و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP