هەرێم نیوز
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (مۆساد) کردووە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی لەناو خاکی ئێراندا بکات، بەبێ ئەوەی حکومەتەکەی یان سەرۆکی ئەرکانی سوپا لێی ئاگادار بن؛ ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی پێش هەڵبژاردنەکان ڕەتکردەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، ناتانیاهۆ چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، فشاری زۆری کردووە بۆ لێدانی ئێران، بەڵام ئەیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، دژی ئەو هەنگاوە وەستاوەتەوە لە ترسی ئەوەی گەڕانەوە بۆ شەڕ ببێتە هۆی پەکخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
دوای ئەو ڕەتکردنەوەیە، ناتانیاهۆ پەنای بۆ ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی مۆساد (کە پێشتر سکرتێری سەربازیی خۆی بووە و هاوپەیمانێکی نزیکییەتی) بردووە و داوای لێکردووە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی و بوێرانە لەناو ئێراندا ڕێکبخات، بەڵام بەرپرسانی ئەمنیی دیکە لەنێویاندا زامیر پێش جێبەجێکردنی پلانەکە پێیان زانیوە.
لە بەرامبەردا بەرپرسێکی ئەمنیی ئیسرائیلی ئەو زانیارییانەی بە "تۆمەتی درۆ" وەسف کردووە و نووسینگەی ناتانیاهۆش هیچ لێدوانێکی نەداوە.
ناکۆکییەکانی ناوخۆی ئیسرائیل و ترسی ئۆپۆزسیۆن
ئەم هەنگاوەی ناتانیاهۆ بە لادان لە نەریتی ئەمنیی ئیسرائیل دادەنرێت، بەتایبەت کە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا ناڕەزایەتی بەرامبەر هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران زیادی کردووە، چونکە پێیان وایە هێرشەکەی شوباتی ڕابردوو کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، نەیتوانی ڕژێمەکە بڕووخێنێت و دۆخەکەی لە گەرووی هورمزدا گەیاندە بنبەست.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت (سەرۆکی پێشووتری ئەرکانی سوپا)، کە تا ٢٠ی کانوونی یەکەم مۆڵەتی هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک و دوورخستنەوەی ناتانیاهۆ لە دەسەڵات، هۆشداریی توند دەدات لەوەی ناتانیاهۆ وەک سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر، قەیرانی جەنگ بۆ مانەوە لە دەسەڵات و ناچارکردنی ئۆپۆزسیۆن بە چوونە ناو حکومەتی یەکێتیی نیشتمانی بەکاربهێنێت.
هەوڵەکان بۆ پەلکێشکردنی دۆناڵد ترەمپ
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسانی پێشووی ئیسرائیل پێیان وایە ئامانجی سەرەکیی ناتانیاهۆ لەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییە، هەڵگیرساندنی شەڕ بووە لەگەڵ ئێران تاوەکو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەلکێشی ناو ململانێکە بکات. بەپێی ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"، ناتانیاهۆ ڕۆژانە پەیوەندی بە ترەمپەوە دەکات تا ڕازی بکات هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام ترەمپ لە یەکێک لە پەیوەندییەکانی ئەم دواییەدا بە دەنگی بەرز و بە شێوەیەکی توڕە هەڵگیرساندنی شەڕی نوێی بە تەواوی ڕەتکردووەتەوە.