هەريم نیوز
لە پەرەسەندنێکی نوێ و مەترسیداری گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا پێگەیەکی مووشەکیی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی "قەشم" لە گەرووی هورمز بۆردومان کرد، هاوکات دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی توند دەداتە ئێران سەبارەت بە پیلانی "بۆمبی قێزەون" و سوپای پاسدارانیش هێرش دەکاتە سەر بنکەیەکی ئەمریکی لە بەحرێن.
بۆردومانکردنی دوورگەی قەشم
بەپێی ئاژانسەکانی "فرانس پرێس" و "ڕۆیتەرز"، بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی بە چەکی زۆر ورد، سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە دوورگەی قەشم کردووەتە ئامانج. بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشە لە چوارچێوەی "بەرگریکردن لە خۆ" و وەک وەڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییە بەردەوامەکانی سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
هەڕەشەکانی ترەمپ لەبارەی "بۆمبی قێزەون" (Dirty Bomb)
لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان) لە مانیلای پایتەختی فلیپین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنتن بەوپەڕی جددییەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی ئێران دەکات و گوتی: "ئەگەر هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە هەبێت، ئێران باجێک دەدات کە هیچ وڵاتێکی دیکە پێشتر نەیدابێت؛ ئەوان شێتن."
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵیی (CNN) هات کە تێیدا ئاشکرا کرابوو زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن ئێران تاوتوێی پیلانێک دەکات بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا لە واشنتن لە ڕێگەی تەقاندنەوەی "بۆمبی قێزەون" (بۆمبێک کە ماددەی تیشکدەری تێدایە).
لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو تۆمەتانەی بە "هەڵبەستراو" ناوبرد و واشنتنی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕێگەی ڕاپۆرتی میدیاییەوە زەمینەسازی بۆ "پیلانی گڵاو" دژی ئێران دەکات. هاوکات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستانکاری ئێران، هۆشداریی دا لەوەی وەسفکردنی بەنداوەکانی ئێران وەک "دامەزراوەی دوولایەنە (مەدەنی و سەربازی)" لەلایەن میدیاکانی ئەمریکاوە، بیانووە بۆ لێدانی ژێرخانی وڵاتەکەی و هەڕەشەی کرد کە بەندەر و وێستگەکانی وزەی نزیک بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش هەمان پێوەریان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەحرێن و جووڵەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان
ئاڵۆزی لە بەحرێن: سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە بۆ سێیەمجار لە هەینی ڕابردووەوە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سیستەمی ڕاداری هێزەکانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی "شێخ عیسا" لە بەحرێن پێکاوە. هێزەکانی بەرگریی بەحرێنیش بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانیان ڕاگەیاند و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش داوای بەپەلەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد سنوورێک بۆ ئێران دابنێت. هاوکات بەهۆی سزادانی ٦٤ هاووڵاتیی شیعە بە زیندانی هەتاهەتایی لە مەنامە بە تۆمەتی پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە، گرژیی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە لوتکە.
بەهێزکردنی هێزی دەریایی ئەمریکا: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Theodore Roosevelt)ی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، کە دەچێتە پاڵ هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (جۆرج بوش) و (جۆرج واشنتن) لە ناوچەکەدا.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان: هەریەک لە قەتەر و عومان هۆشداریی توندیان دا لەوەی تەقینەوەی سەربازیی زیاتر لە کەنداو هەڕەشە لە ئاسایشی وزەی جیهان و هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست.