دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

بەغداد دووەم گوژمەی پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات

هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دووەم گوژمەی شایستە داراییەکانی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی خەرج کرد و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی 11ـی 2026، نەوزاد شێخ کامیل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەغداد بڕی ٦٣ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دیناری دیکەی وەک دووەمین گوژمەی شایستەی دارایی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کردووە.
⠀
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، پارەکە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراوە کە ٢٠ ملیار و ٩٢١ ملیۆن دینار بۆ هەولێر و ٢٢ ملیار و ٦٠٥ ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و ١٩ ملیار و ٨٧٦ ملیۆن دیناریش بۆ دهۆک تەرخان کراوە.
⠀
هەروەها ناوبراو وتی لەم دوو ڕۆژەدا سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان تەواو دەکرێن و شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەش دەکرێن.
⠀
ئەمساڵ حکومەتی عێراق نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە کە ٢٩٢ هەزار تۆنی لە چوارچێوەی پلانی چاندندا بووە بە نرخی ٧٠٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک و ئەوەی دەرەوەی پلانیش بە ٥٠٠ هەزار دینار دیاری کراوە.
⠀
بەپێی خەمڵاندنەکان کۆی گشتیی شایستە داراییەکانی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران بە نزیکەی ٣٠٠ ملیار دینار مەزەندە دەکرێت و لە مانگی ڕابردووشدا یەکەم گوژمەی پارەکە بە بڕی زیاتر لە ١٥ ملیار دینار گەیشتە هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیاتر لە حەوت ملیار دینار وەک دوایین بەشی ماوەی شایستەی ساڵی پێشوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP