دواین هەواڵ

عێراق‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ململانێی عەلی زەیدی و کەتایبی حزبوڵڵا دەگاتە لووتکە؛ سوپا و دژەتیرۆر جرف ئەلسەخریان گەمارۆ دا

هەرێم نیوز

ململانێی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و کەتایبی حزبوڵڵای عێراقی گەیشتووەتە لووتکە و دوای سەلماندنی قاچاخچێتیی نەوت و بوونی کارگەی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جرف ئەلسەخر، سوپا و دەزگای دژەتیرۆر ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و سەرۆکوەزیرانیش بەڵێن دەدات ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە بەرژەوەندیی شکۆی دەوڵەتدا یەکلا بکاتەوە.

سێگۆشەی قەیرانی جرف ئەلسەخر و ناکۆکیی ناو ماڵی شیعە
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دۆسیەی «جرف ئەلسەخر» لە باشووری بەغدا بووەتە قورسترین تاقیکردنەوەی ئەمنی و سیاسیی حکوومەتی عێراق، کە هۆکارەکانی هەڵکشانی گرژییەکان لە سێ تەوەری سەرەکیدا (نەوت، ئاسایش و ململانێی ناو ماڵی شیعە) چڕ بوونەتەوە.
دوای ئەوەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکوومەت بە بەڵگەوە بوونی پرۆسەی قاچاخچێتی و پاڵاوتنی نایاساییی نەوتی لەو ناوچەیە پشتڕاست کردەوە، بەغدا بڕیاری دا بەرپرسیارێتیی ئەمنیی ناوچەکە لە گرووپە چەکدارەکان وەربگرێتەوە و ڕادەستی هێزەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی بکات، بۆ ئەم مەبەستەش مۆڵەتی تا کۆتاییی ئەم هەفتەیە دیاری کراوە.

لە بەرامبەردا، ئەم هەنگاوە ناکۆکیی قووڵی خستووەتە ناو گەورەترین هاوپەیمانیی شیعەکانەوە؛ بە شێوەیەک بەشێکیان لە ترسی پێکدادانی ڕاستەوخۆی نێوان سوپا و گرووپە چەکدارەکان داوای چارەسەری دانوستان دەکەن (کە ئێستا هەریەکە لە نووری مالیکی، هادی عامری و هومام حەموودی نێوەندگیری دەکەن)، بەڵام بەشەکەی دیکەیان بە تەواوی پشتیوانی لە بەکارهێنانی هێز لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەکەن.

کارگەی دروستکردنی درۆن و مەترسیی پەلکێشکردنی عێراق بۆ جەنگ
بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکان، بەشێکی گەورەی فڕۆکە بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکەکانی گرووپە چەکدارەکان لە جرف ئەلسەخر دروست دەکرێن و عەمبار کراون، هەر بۆیە عەلی زەیدی دەیەوێت لە چوارچێوەی پلانی چەکداماڵیندا دەست بەسەر ئەو پێگانەدا بگرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بە هەستیاریی دۆخەکە دەکەن و ڕایان گەیاندووە: "دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر گرووپە عێراقییەکان پشتیوانییان لە پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران سەبارەت بە یەکگرتنی بەرەکانی مقاوەمە کرد، بەغدا دڵنیا بووەتەوە کە ئەو گرووپانە بە نیازن عێراق پەلکێشی هەر جەنگێکی نوێی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەن؛ هەر بۆیە گفتوگۆکانی نێوان حکوومەت و هەردوو گرووپی کەتایبی حزبوڵڵا و نوجەبا بۆ ڕادەستکردنی چەک بە تەواوی گەیشتوونەتە بنبەست."

ڕێکارە سەربازییە توندەکان و گەمارۆدانی ناوچەکە
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا جووڵەکانی عەلی زەیدی لە هۆشدارییەوە گۆڕان بۆ کرداری مەیدانیی توند؛ سەرجەم بەرپرسانی (پۆلیس، حەشدی شەعبی، ئاسایشی نیشتمانی، پۆلیسی وزە و وەزارەتی نەوت) لە سنووری جرف ئەلسەخر دوور خرانەوە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنیش بە تۆمەتی تێوەگلان لە سەرپێچییەکان دەستگیر کران.

هاوکات دەزگای دژەتیرۆر و هەواڵگری ڕاسپێردراون بۆ گەمارۆدانی ناوچەکە، هێزی سەربازیی زیاتر گەیشتوونەتە دەوروبەری جرف ئەلسەخر، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراقیش بە چڕی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوە و سوپا جووڵەی هێزەکانی حەشدی شەعبیی بەرەو ئەو ناوچەیە سنووردار کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی لێکۆڵینەوە جەختی کردووەتەوە: "ئەم جەنگە یەکلاکەرەوە دەبێت و بەردەوام دەبێت تا بە تەواوی لە بەرژەوەندیی شکۆی دەوڵەتدا یەکلا دەکرێتەوە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP