دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتانیاهۆ لە چاوەڕوانی بڕیاری ترەمپدایە؛ ئیسرائیل ئامادەکاری جەنگ دەکات،

هەرێم نیوز 

سەرچاوە  میدیایی و سیاسییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، و گادی ئایزنکۆت، کە ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی پێسپێردراوە، ڕێککەوتوون چاوەڕوانی بڕیاری دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بکەن سەبارەت بە ئێران و پابەند بن بەو بڕیارە.

بەپێی سەرچاوەکان، لە دوای کۆبوونەوەی دوو کاتژمێریی نەتانیاهۆ و ئایزنکۆت لە پێنجشەممەدا، هەردووکیان لەسەر کەمکردنەوەی زمانی هەڕەشەی جەنگ ڕێککەوتوون، چونکە دەزانن بڕیاری کۆتایی لە دەستی کۆشکی سپییە و ئیسرائیل نابێت بە تەنیا دەستپێشخەریی شەڕێک بکات.

لە هەمان کاتدا، سەرچاوەکانی کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا داوای لە سوپای ئیسرائیل کردووە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا ئامادە بێت. 
ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتن بەردەوامە لە گواستنەوەی کەرەستە و هێزی سەربازی بۆ ناوچەکە؛ لە ئێستادا دوو هەڵگری فڕۆکەی جەنگی، «جۆرج واشنتن» و «جۆرج بوش»، لە ناوچەکەدان و چاوەڕوان دەکرێت هەڵگری فڕۆکەی سێیەم، «ڕۆزڤێلت»، هەفتەی داهاتوو بگاتە دەریای عەرەب.

بەڵام میدیای ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئیسرائیل هێشتا پێیان وایە گفتوگۆکانی واشنتن و تاران نەگەیشتوونەتە بنبەست و هێرشێکی سەربازی لە ئێستادا دوورە. لە هەمان کاتدا، ئێران لەسەر مەرجەکانی خۆی سوورە و ئەمریکاش گومان لە گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئێهود باراک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، بە توندی ڕەخنەی لە نەتانیاهۆ گرتووە و تۆمەتی کردووە بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ ئێران، بە مەبەستی دواخستن یان تێکدانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ.

باراک هۆشداری داوە کە هەر هەنگاوێکی سەربازی کە بەبێ ڕێکارە یاساییەکان و بەشداریی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنی ئەنجام بدرێت، دەکرێت ببێتە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی و پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی فەرمی.

ئەمەش لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هەر ئەگەرێکی سەربازی دەکات، بڕیاری دەستپێکردنەوەی جەنگ زیاتر لە هەر کاتێک پەیوەستە بە هەڵوێستی واشنتن و بڕیاری ترەمپ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP