هەرێم نیوز
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە واشنتن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ گوشارەکانی بنیامین ناتانیاهۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی ڕەت کردووەتەوە و بژاردەی گەمارۆی ئابووریی هەڵبژاردووە.
دیدارە هەواڵگرییەکانی سەرۆکی مۆساد لە واشنتن و مەیامی
ئەمڕۆ هەینی، ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە، ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) کە یەکێکە لە کەسایەتییە هەرە نزیک و متمانەپێکراوەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکان، گۆفمان لە واشنتن لەگەڵ جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کۆ دەبێتەوە، هاوکات بڕیارە گەشت بکات بەرەو شاری مەیامی تاوەکو لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی دیدار ئەنجام بدات و دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئێران تاوتوێ بکەن.
ڕەتکردنەوەی بژاردەی جەنگ لەلایەن ترەمپەوە
ئەم سەردانەی سەرۆکی مۆساد لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکو ئێستا بە هەموو شێوەیەک گوشارەکانی ناتانیاهۆی بۆ دەستپێکردنەوەی لێدانی سەربازی بۆ سەر تاران ڕەت کردووەتەوە. ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ جەختی کردووەتەوە کە لەبری گورزی سەربازی، لەگەڵ هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، بە تایبەت سعوودیە، قەتەر و ئیمارات هاوڕایە بۆ بەردەوامیدان بە گەمارۆی دەریایی و کەمپەینی گوشاری ئابووری تاوەکو دەرئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەردەکەوێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا لەبارەی ئەم پرسەوە ڕایگەیاندبوو: "دەتوانم دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگ بهێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی دەیانپارێزین، کارەکان بە شێوازێکی هێمنانەتر و درێژخایەنتر بەڕێوە دەبەین. سعوودیە داوای لێ کردووم کەمێک مۆڵەت بدەین بە دۆخەکە، چونکە ئابووریی ئێران لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها وڵاتانی قەتەر، کوێت، ئیمارات و بەحرەین، هەموویان پێیان باشترە چاوەڕێ بکەین."
کێشە ناوخۆیییەکانی ئیسرائیل و ترسی ئۆپۆزیسیۆن
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و هەواڵگرییانەی ناتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ شڵەژانی گەورەی پێگە سیاسییەکەی لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، بە تایبەت دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا زۆرینەی لەدەست دا و گادی ئایزنکۆتی ڕکابەری بە فەرمی ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی ناتانیاهۆ بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی ئایزنکۆت و پاراستنی دەسەڵاتەکەی، هەوڵی هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ تاران بدات. هەرچەندە ناتانیاهۆ ڕۆژی پێنجشەممە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ ئایزنکۆت کۆ بووەوە و زانیاریی لەسەر دۆسیەی ئێران پێ دا، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە ئایزنکۆت جەختیان کردووەتەوە کە بارودۆخی ئێستا بە هیچ جۆرێک پێویستی بە ئەنجامدانی کردەی بەپەلەی سەربازی لە دژی تاران نییە.