هەرێم نیوز
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، کە فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) نوێنەرانی سوپای ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە خۆیان بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران ئامادە بکەن، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت کردەوە و بە پێشبینیی ڕووت وەسفی کردن.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی 11ـی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، پەیامی ئەمنی ئاراستەی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو کراوە بە مەبەستی خستنەئامادەباشیی جەنگ، کە ئەم زانیارییانە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان سەبارەت بە نەبوونی پێویستی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
هاوکات ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، گادی ئایزنکۆت، کەسایەتیی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئیسرائیل، هۆشداریی توندی داوەتە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر سەبارەت بە هەر هەنگاوێکی هێرشی سەربازی؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە سوپای پاسدارانی ئێرانیش ڕایگەیاندبوو لە وەڵامی هێرشەکەی سەر شاری سیریکدا، ڕادارێکی سوپای ئەمریکایان لە بەحرەین پێکاوە.
لەلایەکی دیکەوە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران ڕایگەیاند، تاران ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی عەلی عەبدوڵڵاهی، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، پەردەی لەسەر شارێکی مووشەکیی ستراتیژیی نوێ لادا بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی ئامادەباشیی شەڕ.
بەرامبەر بەو هەواڵانە، بەرپرسێکی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەو ڕاپۆرتانەی میدیای ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، تەنیا پێشبینیی ڕووتن و هیچ گۆڕانکارییەکیش لە دۆخی هێزەکانماندا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکراوە."