هەرێم نیوز
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە ناوچەی سیریک لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هورمزگان لە باشووری ئێران بیستراوە و ناوچەکە ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، هەریەک لە ئاژانسەکانی هەواڵی فارس و ئیرنای ئێرانی بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوە لە ناوچەی سیریک بیستراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا سروشتی هێرشەکە و وردەکاریی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج ئاشکرا نەکراون.
ئەم ڕووداوە چەند ڕۆژێک دوای بیستنی دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوە لە دوورگەی قشم و بەندەر عەباس دێت کە هاوکات بوو لەگەڵ سووڕانەوەی چڕی فڕۆکەکان لە ئاسمانی ناوچەکەدا.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە پێشتر لە ڕۆژانی 3 و 7ـی ئەم مانگەدا ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی سنوورداری بۆ سەر ئێران ڕاگەیاندبوو، ئاماژەی بەوە داوە کە کاری سەربازی پێویست نابێت ئەگەر تاران ڕێککەوتنێک واژۆ بکات، و جەختی کردەوە کە گەڕانەوە بۆ جەنگ بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی ئێران لە بەرامبەر واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنەدا.