ھەرێم نیوز
پۆلیسی واشنتنی پایتەختی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە تۆمەتباری تەقەکردنێک لە ناوەندی شارەکەدا کوژراوە، لە کاتێکدا لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکە بریندار بوون.
جێفری دبلیو کارۆڵ، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتن، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی پۆلیس لە ماوەی ٣٠ چرکەدا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، کە لە هۆڵێکی وەرزشی لە نهۆمی حەوتەمی بینایەکدا ڕوویداوە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکە پەناى بردووەتە نهۆمی حەوتەم و دوای ئەوەی پۆلیس دەنگی تەقەیان بیستووە، هێزەکان چوونەتە ژوورەوە و ئەویان بریندار دۆزیوەتەوە.
پۆلیس دواتر پشتڕاستی کردەوە کە تۆمەتبارەکە گیانی لەدەست داوە، بەڵام هێشتا هۆکاری مردنەکەی بە فەرمی دیاری نەکراوە.
کارۆڵ ئاماژەی بەوەش کرد کە پێش ڕووداوەکە، تیمی گفتوگۆکەران لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە پەیوەندییان هەبووە، بەڵام لە کاتی گفتوگۆکەدا دەنگی تەقەیەک بیستراوە و پاشان پەیوەندییەکە پچڕاوە.
بەپێی گومانە سەرەتاییەکان، تۆمەتبارەکە بە تەقەیەک کە خۆی کردوویەتی بریندار بووە، بەڵام پۆلیس هێشتا لێکۆڵینەوە لە زنجیرەی ڕووداوەکان و پاڵنەرەکانی تەقەکردنەکە بەردەوامە.
ڕووداوەکە لە ناوچەی «لۆگان سێرکڵ» لە ناوەندی واشنتن ڕوویداوە، کە زیاتر لە یەک کیلۆمەتر لە کۆشکی سپییەوە دوورە. دوای ڕووداوەکە، دەیان ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنەکە و دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش داوایان لە دانیشتووان کردووە لە ناوچەکە دوور بکەونەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شایەتحاڵێکی بیبیسی کە لە هەمان بیناکەدا دەژیا، گوتوویەتی لە کاتی دەرچوونی لە بیناکە بەهۆی دەنگی ئاگادارکردنەوەی ئاگرەوە، دەنگی چەند تەقەیەکی زۆر نزیکی بیستووە و خۆی و کەسانی دیکە بە خێرایی شوێنەکەیان بەجێهێشتووە.
پۆلیس هێشتا لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەکات.