هەرێم نیوز
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک بە هەر شێوازێکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشداری لە هێرش و گەمارۆکانی سەر ئێراندا بکات، ئەوا تاران ئەو هەنگاوە بە پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی دەزانێت و بێ وەڵام نابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا کە بە پەندێکی کۆری دەستی پێکرد و تێیدا ئاماژەی بەوە دا "ئەو چۆلەکەیەی هەوڵ دەدات وەکو لەقلەقێک بفڕێت، دواجار قاچەکانی دەشکێن"، جەختی کردەوە کە ناردنی هێزی دەریایی، پاڵپشتیی لۆجستی و تەرخانکردنی کارمەند، وەک کردەوەیەکی دوژمنکارانە دژ بە تاران هەژمار دەکرێن.
هاوكات بەقایی ڕەتی کردەوە بیانووەکانی وەک پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی یان بەرەنگاربوونەوەی دزەی دەریایی پاساو بن بۆ بەشداریکردن لە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، و هۆشداریی دا کە هەر دەوڵەتێک تێوەبگلێت، بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەم هەڵوێستەی تاران چەند کاتژمێرێک دوای پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت کە تێیدا ئاماژەی بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و سەدان ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران کردبوو.