هەرێم نیوز
لە گوندی ئالانەی سەر بە قەزای خەلیفان، ئەسپێکی بەڕەڵا خۆی کردە ناو پرسەیەکی ژنانەوە و بەو هۆیەوە چوار کەسی بریندار کرد و زیانیش بە چەند ئۆتۆمبێلێک گەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، کاروان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی خەلیفان ڕايگەیاند، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا سێ ژنی بریندار بەهۆی کەوتنی ئەسپەکە بەسەریاندا گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان و شوێنەواری برین لە جەستەیاندا هەیە.
هاوكات ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە باری تەندروستیی دوو لە بریندارەکان جێگیرە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی یەکێکیان کە چەند پەراسوو و ددانی شکاون، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی بکرێت لە شاری سۆران.