هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی و مەرجی نوێی لایەنێکی سیاسیی شیعەوە بۆ دانانی پارێزگارێکی تورکمانی شیعەمەزهەب پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ پەکخراوە.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٧ ڕۆژ بەسەر دروستبوونی بۆشایی کارگێڕی لە پۆستی پارێزگاردا لایەنەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی تورکمان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکرێت بەڵام لە ماوەی چەند خولەکێکدا ڕێککەوتنەکە تێکچوو.
⠀
ناوبراو وتی ئەو لایەنە شیعەیەی کە پێشتر گەرەنتیی ڕێککەوتنەکەی کردبوو بەربەستی بۆ پرۆسەکە دروستکرد و داوایکرد پۆستەکە بۆ پێکهاتەی تورکمانی شیعە بێت کە ئەمەش وایکرد دانیشتنەکەی ئەنجومەن بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە و تا ئێستاش هیچ کاتێکی نوێ بۆ کۆبوونەوە دیاری نەکراوە.
⠀
سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبەکەی حەسەن مەجید جەختیکردەوە کە پارتی چاوەڕوانی گەیشتنە بە فۆرمۆڵە و ڕێککەوتنی کۆتایی لە بەغداد و هەر بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووکدا بێت بەشداریی تێدا دەکەن و هاوکات ڕەخنەی توندیشی لە شێوازی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگار گرت و وەک سیستەمێکی شکستخواردوو وەسفیکرد کە ناتوانێت خزمەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی شارەکە بکات.
⠀
ئەم ململانێ سیاسییانە و دروستبوونی بۆشایی کارگێڕی لە کەرکووک لە کاتێکدان کە پێشتر تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی کورد دابوو کە کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنانەکان لەدەست نەدەن و هاوکات بەغدادیش سەرقاڵی چارەسەرکردنی پرسی بودجەی هەرێم و نێوەندگیرییەکانیەتی بۆ ڕێگریکردن لەو جەنگەی کە هەڕەشەی هەڵگیرسانی لە ناوچەکەدا هەیە.