هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری ئێران لە پەراوێزی لووتکەی ئاووهەوا لە تورکیا کۆبوونەوە و تێیدا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بوونەتەوە.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، کە لە شاری ئەنتاڵیا کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ مەسعود پزیشکیان ئەنجامداوە و وتی، لە دیدارەکەدا بیروڕایان سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کردووە.
⠀
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و هاریکاریی نێوان لایەنەکان باشترین ڕێگەن بەرەو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی.
⠀
ئەم کۆبوونەوەیەی بارزانی لە تورکیا کە پێشتریش چەندین دیداری دیکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای جیهانی ئەنجامداوە لە کاتێکدایە، کە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتووەتە لوتکە و هاوکات نێردەی ئەمریکاش هۆشداریی توندی بە هەرێمی کوردستان داوە بۆ یەکڕیزی و پاراستنی وەبەرهێنانەکان و لەلایەکی دیکەشەوە بەغداد لە نێوەندگیرییەکانی بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.