دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی نەوت لە هەولێر و دهۆک دەستپێدەکات

هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەولێر و دهۆک دەست پێ دەکات بەڵام بەهۆی وەڵامنەدانەوەی نووسراوەکان پرۆسەکە لە پارێزگای سلێمانی دوا دەکەوێت و پێشبینیش دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێت.
⠀
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی 11ـی 2026، فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی سووتەمەنی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک وەڵامی نووسراوەکانی وەزارەتیان داوەتەوە و ئێستا ئەو کۆمپانیایانەی بەشە نەوتی ئەو دوو پارێزگایە دەگوازنەوە لە بەغدادن بۆ تەواوکردنی مامەڵە کارگێڕییەکان و وتی ئەگەر کارەکانیان تەواو بکرێت لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە گواستنەوە و دابەشکردنی نەوتەکە دەکرێت.
⠀
سەبارەت بە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەش ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا و ئەمڕۆش بۆ جاری دووەم نووسراویان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی کردووە بۆ دیاریکردنی پێداویستییەکان و کۆمپانیاکانی گواستنەوە بەڵام هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ بڕیارێکی سیاسی کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی پرۆسەکە.
⠀
بەڕێوەبەری گشتیی سووتەمەنی ڕوونیشیکردەوە کە لەو ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتەی بەغداد لەم قۆناغەدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت نزیکەی ١٩ ملیۆن لیتر بۆ هەولێر و ١١ ملیۆن لیتر بۆ دهۆک دەبێت و زیاتر لە ٢٠ ملیۆن لیتریش بۆ سلێمانی و هەڵەبجە تەرخان دەکرێت کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان بە دوو قۆناغ دابەش دەکرێت و نرخی نەوتەکەش بەهەمان نرخی عێراق دەبێت لەگەڵ هەژمارکردنی تێچووی گواستنەوەکەی.
⠀
لە وەڵامی هۆکاری نەپاڵاوتنی نەوتی سپی لەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی هەرێم بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابینی دەکات بەرپرسانی وەزارەتەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە پاڵاوتگەکانی هەرێم یەکەی چارەسەر و پاڵاوتنی نەوتی خاویان بۆ نەوتی سپی نییە بۆیە تەنیا بەنزینی لێ بەرهەم دەهێندرێت.
⠀
ئەم دابەشکردنی بەشە نەوتە لەلایەن بەغدادەوە و دروستبوونی کێشەی کارگێڕی لە سلێمانی لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو تا ئاساییکردنەوەی دۆخی بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر غازی ماڵانیش بۆ هەرێم دابین بکات و هاوکات تۆم باراک، نێردەی ئەمریکاش هۆشداریی توندی بە سەرکردایەتیی کورد دابوو کە کۆتایی بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بهێنن بۆ ئەوەی وەبەرهێنانەکانی کەرتی وزە نەکەونە مەترسییەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP