هەرێم نیوز
⠀
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر داواکارییەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بڕیاریدا غازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دابین بکات تا ئەو کاتەی دۆخی کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە.
⠀
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی 11ـی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، کە لەسەر داواکاریی ئەوان سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ وەزارەتی نەوتی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی بڕی پێویست لە غازی شل (غازی ماڵان) بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات.
⠀
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پرۆسەی ناردنی ئەم غازە لەلایەن بەغدادەوە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە.
⠀
وەزارەتەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کە لەم ماوەیەدا و تا گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی هیچ کێشە و کەموکوڕییەک لە غازی ماڵاندا دروست نەبێت.
⠀
ئەم بڕیارەی بەغداد لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ لە میانەی کۆبوونەوەی نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریان ئیدانە کرد و جەختیان لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی وزە کردەوە.