هەرێم نیوز
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆ دابینکردنی هاوکاریی دارایی بەپەلە و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر.
داواکاری بۆ پێکهێنانی شاندی وەزاری
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە نووسراوەکەی فراکسیۆنی پارتیدا کە ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە، داوا کراوە شاندێکی وەزاریی تایبەتمەند ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرێت.
تاوەکو لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) و ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەماهەنگی بکەن.
ئەم دەستپێشخەرییە بە مەبەستی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی گشتگیرە بۆ زیانە گیانی و مادییەکان و هەڵسەنگاندنی قەبارەکەیان، لەگەڵ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ زامنتکردنی مافی زیانلێکەوتووان.
تەرخانکردنی بودجەی فریاکەوتنی بەپەلە
فراکسیۆنی پارتی جەختی لەسەر پێویستیی تەرخانکردنی هاوکارییەکی دارایی بەپەلە لە بودجەی فریاکەوتن (موازنة الطوارئ) کردووەتەوە، تاوەکو پشتیوانیی خێرا بگەێنرێتە لێقەوماوان و بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە.
فراکسیۆنی پارتی دووپاتی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی بەدواداچوونی بەردەوامیان دێت بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان و دابینکردنی پشتیوانیی پێویست لە کاتی ڕوداوی سروشتی و باری نائاساییدا.