دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاسایش و پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری تاوانی کوشتنیان ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشدا دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری تاوانی کوشتنیان لە دوو ڕووداوی جیاوازدا ڕاگەیاند.

کوشتنی هاووڵاتییەک لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە ڕوونکردنەوەی هاوبەشی ئاسایش و پۆلیسی هەولێردا هاتووە، لە ڕێکەوتی ٢١ی تەممووزی ٢٠٢٦ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تاوانێکی کوشتن لە پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگەی مەخموور ڕوویدا و هاووڵاتییەک بەناوی (ئیدریس ساڵح) کوژرا.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون، ناسنامەی تۆمەتبارەکان دەستنیشان کرا و لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو تۆمەتبار بەناوه‌کانی (ع. م. ی) و (ڕ. م. ی) دەرچوو، کە لە ڕێکەوتی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا هەردوو تۆمەتبارەکە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد.

کوشتنی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی منارە
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بە تاوانێکی دیکەی کوشتن کراوە کە لە ڕێکەوتی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە گەڕەکی منارەی شاری هەولێر ڕوویداوە و تیایدا هاووڵاتییەک بەناوی (ئاسۆ صابر) کوژراوە.

هێزە ئەمنییەکان ڕوونیان کردووەتەوە، دوای بەدواداچوون و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتباری بکوژ بەناوی (د. ق. ع) خۆی ڕادەستی هێزەکان کردووە. لە کۆتاییشدا پۆلیس و ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییانیان کردووە بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP