هەرێم نیوز
پارێزگاری هەولێر لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، خشتەیەکی نوێی کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ سنووری ناوشاری هەولێر دیاری کرد، تا ئەو کاتەی دۆخی کارەبای نیشتمانی ئاسایی دەبێتەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە و خشتەی نوێ
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لەسەر ڕەوشی کارەبای نیشتمانی و بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی دۆخەکە، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا بە پابەندکردنی سەرجەم خاوەن مۆلیدەکانی سنووری ناوشاری هەولێر بە خشتەیەکی نوێی کارکردنەوە لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی:
•بەیانیان: لە کاتژمێر ٧:٠٠ی بەیانی تاوەکو ٩:٠٠ی بەیانی.
•دوانیوەڕۆ و شەوان: لە کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو ١:٠٠ی شەو.
ڕێنمایی بۆ خاوەن مۆلیدەکان
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، لە کاتی بڕانی کارەبای نیشتمانی لەم دوو ماوە دیاریکراوەدا، مۆلیدەکان ڕاستەوخۆ کار دەکەن؛ هاوکات جەخت کراوەتەوە کە کارکردنی مۆلیدەکان لە دەرەوەی ئەم خشتەیەی بۆیان دیاری کراوە بە هیچ شێوەیەک بۆ خاوەن مۆلیدەکان ئەژمار ناکرێت.