دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرمانگەی میدیا و زانیاری: بەغدا لە ١٢ ساڵدا زیاتر لە ٦٥ تریلیۆن دیناری لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕیوە

هەرێم نیوز

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا ڕای گەیاند، لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا عێراق زیاتر لە ٦٥ تریلیۆن دیناری وەک خەرجیی سەروەری لە پشکی هەرێمی کوردستان بڕیوە، لە کاتێکدا لە تەواوی ئەو ماوەیەدا تەنیا ٤١ تریلیۆن دینار بۆ هەرێم نێردراوە.

داتاکانی بودجە و شایستە فەرمییەکان (٢٠١٤ - ٢٠٢٥)
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، کۆی گشتیی بودجەی عێراق لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ تاوەکو ٢٠٢٥ گەیشتووەتە ١ کوادریلیۆن و ٧٦٧ تریلیۆن دینار. لەم بڕەدا، کۆی پشکی هەرێمی کوردستان پێش لێبڕینی خەرجییە سیادییەکان زیاتر لە ٢٤٥ تریلیۆن دینار بووە و شایستەی صافیی یاسایی لەسەر کاغەز ١٤٦ تریلیۆن دینار بووە.
بەڵام لە ڕووی کردارییەوە، حکوومەتی فیدراڵی لە تەواوی ئەو ١٢ ساڵەدا تەنیا ٤١ تریلیۆن دیناری وەک دابینکردنی دارایی بۆ هەرێم ناردووە، کە دەکاتە تەنیا ڕێژەی ٢.٠٤٪ی کۆی گشتیی بودجەی عێراق. ئەمەش لە کاتێکدایە پشکی فەرمیی هەرێم لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ ڕێژەی ١٧٪ بووە و لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە بەبێ بنەمای یاسایی بۆ ١٢.٦٧٪ کەم کراوەتەوە.
بڕینی مووچە و شیکاریی ساڵانە
شیکارییەکان دیاریی دەکەن کە لە کۆی ١٤٤ مانگی ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٥، ئەو ٤١ تریلیۆن دینارەی لە بەغداوە نێردراوە، تەنیا بەشی دابینکردنی ٤٦ مووچەی کردووە، واتە مووچەی ٨ ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەدراوە.

دابەشبوونی ئامارەکان بەپێی ساڵەکان بەم شێوەیە بووە:
• ساڵی ٢٠١٤: لە کۆی ١٧٤.٦ تریلیۆن دیناری بودجەی عێراق، پشکی صافیی هەرێم ٢٠ تریلیۆن بووە، بەڵام تەنیا ٢.٢٨ تریلیۆن دینار (١.٣٪ی بودجە) بۆ ٣ مووچە نێردراوە.
•ساڵی ٢٠١٥: لە کۆی ١١٩.٥ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ١٤.٨ تریلیۆن بووە، بەڵام تەنیا ٢.٤٧ تریلیۆن دینار (٢.٠٧٪ی بودجە) بۆ ٣ مووچە نێردراوە.
• ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧: پشکی صافیی هەرێم بە بەهای ٢٤.٧ تریلیۆن دینار دیاری کرابوو، بەڵام بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی نەنارد (٠٪).
• ساڵی ٢٠١٨: پشکی هەرێم بۆ ١٢.٦٧٪ کەم کرایەوە. لە کۆی ١٠٤.١ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ٦.٨ تریلیۆن بوو، بەڵام تەنیا ٢.٨٥ تریلیۆن دینار (٢.٧٤٪ی بودجە) بۆ ٣ مووچە نێردرا.
• ساڵی ٢٠١٩: لە کۆی ١٣٣.١ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ٩.٩ تریلیۆن بوو، تەنیا ٥.٣١ تریلیۆن دینار (٣.٩٩٪ی بودجە) بۆ ٦ مووچە نێردرا.
• ساڵی ٢٠٢٠: لە کۆی ١٤٨ تریلیۆن دینار (پشکی هەرێم ١٨.٧ تریلیۆن)، تەنیا ٢.١٨ تریلیۆن دینار (١.٤٨٪ی بودجە) بۆ ٣ مووچە نێردرا.
•ساڵی ٢٠٢١: لە کۆی ١٢٩.٩ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ١١.٤ تریلیۆن بوو، بەڵام تەنیا ١.٢ تریلیۆن دینار (٠.٩٢٪ی بودجە) بۆ ١ مووچە نێردرا.
• ساڵی ٢٠٢٢: لە کۆی ١٢٢ تریلیۆن دینار (پشکی هەرێم ١٥.٤ تریلیۆن)، تەنیا ٤٠٠ ملیار دینار (٠.٣٣٪ی بودجە) بۆ ١ مووچە نێردرا.
• ساڵی ٢٠٢٣: لە کۆی ١٩٨.٩ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ١٦.٥ تریلیۆن بوو، بەڵام ٤.٦٩ تریلیۆن دینار (٢.٣٦٪ی بودجە) بۆ ٥ مووچە نێردرا.
•ساڵی ٢٠٢٤: لە کۆی ٢١١.٨ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ٢٠.٩ تریلیۆن بوو، لەو بڕە ١٠ تریلیۆن دینار (٤.٧٣٪ی بودجە) بۆ ١١ مووچە نێردرا.
• ساڵی ٢٠٢٥: لە کۆی ٢١١.٨ تریلیۆن دینار، پشکی صافی ٢٠.٩ تریلیۆن بوو، کە لێیەوە ٩.٥٩ تریلیۆن دینار (٤.٥٣٪ی بودجە) بۆ ١٠ مووچە نێردراوە.

هاوکێشەی خەرجییە سیادییەکان و فەرامۆشکردنی سەرژمێری
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە بڕگەکانی خەرجیی سیادی لە ١٠ بڕگەوە بۆ ١٠٠ بڕگە زیاد کراون، و زیاتر لە ٦٥ تریلیۆن دینار وەک خەرجیی سیادی لە پشکی هەرێم بڕدراوە بەبێ ئەوەی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە هیچ سوودێکیان لێ وەرگرتبێت. بۆ نموونە لە بودجەی سێ ساڵەی (٢٠٢٣ - ٢٠٢٥)، بەغدا بەهۆی هاوکێشەی نادادپەروەرانەی لێبڕینەوە، ٨.٢ تریلیۆن دیناری زیادەی لە پشکی هەرێم بڕیوە.

هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ٢٠٢٤ نیشانی دەدات دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ١٤.١٤٪ی کۆی عێراق پێک دەهێنن، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا چاوپۆشیی لە ئەنجامەکان کردووە و پشکی هەرێمی بۆ ١٢.٧٠٪ کەم کردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP