هەرێم نیوز
بارزانی لە بانگەوازێکدا داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کۆ ببەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن، هاوکات داواکارە لایەنەکانی دیکەش بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەتێکی بنکەفراواندا بکەن.
دەقی بانگەوازەکەی بارزانی
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بارزانی بانگەوازێکی بڵاو کردەوە و تیایدا جەختی کردەوە کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە.
لە بانگەوازەکەدا هاتوە: "سەبارەت بە پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسی، پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە. لەسەر ئەو بنەمایەش، داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن."
داواکاری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نیشتمانی
بارزانی ئاماژەی بە بەشداریکردنی سەرجەم هێزە سیاسییەکان کرد و گوتی: "زۆریش حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکوومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێک بهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە."