دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای پاسداران وەڵامی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی ئێران دەداتەوە

هەرێم نیوز
⠀
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە پلانە نوێیەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ گەمارۆدانی وڵاتەکەی، ڕایگەیاند کە ئەو پلانە تەنیا یارییکردنە بە وشەکان.
⠀

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، سەردار موحبی، وتەبێژی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمریکا لە ڕێگەی پلانی "دەروازەی ئاسنین" ناتوانێت ئامانجەکەی کە داڕمانی ئابووریی ئێرانە بپێکێت، هەر وەک چۆن پێشتر بانگەشەی داڕمانی ئابووریی تارانیان لە ماوەی دوو هەفتەدا دەکرد و ڕووی نەدا.
⠀
ناوبراو جەختی لە شکستی پلانەکانی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی ئابووریی وڵاتەکەی کردووەتەوە و پێی وایە واشنتن هەرگیز ناتوانێت بەو شێوەیەی کە دەیەوێت و لەژێر ناو و پلانی جیاوازدا، گەمارۆی ئابووریی قورس بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.
⠀
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، وتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداری داوەتە ئەمریکا کە ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گرتووەتەبەر، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا زۆر لەوە بێتواناترە بتوانێت ئەو ڕێگا جیاوازانە دابخات کە ئێران بۆ پرۆسەی بازرگانی بەکاریان دەهێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP