دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکیانەوە لە سەنیگال 21 کۆچبەر گیانیان لەدەست دا

هەرێم نیوز
⠀
دەسەڵاتدارانی سەنیگال ڕایانگەیاند، کە بەهۆی نقوومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەیان، ٢١ کەس گیانیان لەدەست داوە و تەنیا یەک کەسیش ڕزگار کراوە.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی 11ـی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سەنیگال بڵاویکردەوە کە دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردن خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هاوکات ڕۆژنامەی "لۆ سۆلای"ـیش ئاشکرای کردووە کە ڕووداوەکە لە ناوچەی لوغا ڕوویداوە و پێدەچێت زۆربەی قوربانییەکان دانیشتووی هەمان ناوچە بن.
⠀
ساڵانە هەزاران گەنجی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقیا لەرێگەی زەریای ئەتڵەسییەوە و بە بەلەمی کۆن و قەرەباڵغ هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا و دوورگەکانی کەناریی ئیسپانیا دەدەن، کە بەهۆی مەترسیی ڕێگاکەوە لە ساڵانی ڕابردوودا هەزاران کەس بوونەتە قوربانی یان بێسەروشوێن بوون.
⠀
پەیوەست بە هەمان پرس، دوێنێ شەممە پۆلیسی سەربازیی سەنیگال دەستیان بەسەر بەلەمێکی دیکەی کۆچبەراندا لە کەناراوەکانی داکار گرت، کە ١٤٢ کۆچبەری لە ژنان و منداڵان هەڵگرتبوو و هەوڵیاندەدا بەرەو وڵاتی ئیسپانیا بڕۆن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP