هەرێم نیوز
⠀
وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ڕادەگەیەنێت و ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز، لە هەناردەکردن بەردەوامن و هەوڵی زیادکردنی پشکەکەیان دەدەن.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی 11ـی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە سەرباری ئەو بارودۆخەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز، عێراق لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بەردەوامە بۆ ئەوەی داهاتی پێویست بۆ بودجەی فیدراڵی دابین بکات.
⠀
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پابەندی پشکی دیاریکراوی ئۆپێک پڵەسە کە چوار ملیۆن و ٤٣١ هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا، بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵی زیادکردنی ئەو پشکە دەدەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاریی جیهانی سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندامە بۆ ئەوەی پشکی ڕاستەقینەی عێراق دیاری بکرێت.
⠀
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە عێراق توانایەکی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی نەوت هەیە کە زۆر زیاترە لە پشکە دیاریکراوەکەی ئێستای، بەڵام هەر جۆرە زیادکردنێکی ئاستی بەرهەمهێنان بەندە بە ڕێککەوتنی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس و گۆڕانکارییەکانی خواست و خستنەڕوو لە بازاڕەکانی جیهاندا.