هەرێم نیوز
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و ڕای گەیاند ئەگەر واشنتن جارێکی دیکە هەوڵی تاقیکردنەوەی توانای سەربازیی ئێران بدات، ئەمجارە ئەنجامەکە خراپتر لە ڕابردوو دەبێت.
عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران «ئیرنا»، دوای گەڕانەوەی لە سەردانی تورکمانستان، گوتی تاران لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێک ئامادەی هەردوو هەڵبژاردەی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی و چارەسەری دیپلۆماسییە، و هۆشداریشی دا کە هەر جۆرە فێڵبازی یان هێرشێکی سەربازی، وەڵامی توندی ئێرانی لێدەکەوێتەوە.
مەرجەکانی ئێران و چڕبوونەوەی دیپلۆماسی:
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، عێراقچی جەختی لەوە کردەوە که تاران مەرجەکانی خۆی دیاریکردووە و پێشنیاری بۆ گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی پێشکەش کردووە، و گوتی: «ئەگەر قبوڵیان بکەن، ڕێگای گفتوگۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر قبوڵیان نەکەن، بارودۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە».
ناوبراو ئاشکرای کرد که لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییەکان لە ڕێگەی ناوەندگیرەکانەوە چڕتر بوونەتەوە و ئاڵوگۆڕی نامە و پەیوەندییەکان بەردەوامە.
لە لایەکی تریشەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە سەردانەکەی خۆی بۆ تورکمانستان و سەردانی باقری، جێگری ئەمینی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، بۆ چین کرد، بە مەبەستی ڕاوێژکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە و ئاستی ئامادەباشیی سەربازی. ئەم هەڕەشە و هۆشدارییە سەربازییانە لە کاتێکدا دێن که هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان بەردەوامن، بەڵام ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی نێوان تاران و واشنتن هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.