دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

باجی سیاسەتەکانی ترامپ؛ کۆمارییەکان بەرەو شکستهێنان و دۆڕان دەچن

هەرێم نیوز

دوا ڕاپرسییەکی هاوبەشی ڕۆیتەرز و ئیبسۆس، پێش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی کۆنگرێسی ئەمریکا، ئاماژە بە بەردەوامبوونی دابەزینی ڕێژەی پەسەندکردنی کارکردنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەکات؛

لە کاتێکدا بەشێکی بەرچاو لە دەنگدەران هەڵبژاردنەکە بە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە سیاسەتەکانی ترامپ دەبینن. بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکە کە ڕۆژی دووشەممە کۆتایی هاتووە، ٤٦ لە سەدی دەنگدەران وتوویانە دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن، لە بەرامبەردا ٣٨ لە سەد دەنگ بە کۆمارییەکان دەدەن؛ بەوەش دیموکراتەکان بە جیاوازییەکی ٨ خاڵی لەپێش ڕکابەرەکانیانن. ئەم جیاوازییە لە کاتێکدایە کە لە ڕاپرسییەکی پێشوو، دیموکراتەکان بە ١١ خاڵ لەپێش کۆمارییەکان بوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی ڕکابەرییەکە پێش ڕۆژی هەڵبژاردن. لە بەشێکی تری ڕاپرسییەکەدا، تەنها ٣٢ لە سەدی بەشداربووان پەسەندی کارکردنی ترامپیان لە کۆشکی سپی کردووە، که نزیکە لە نزمترین ئاستی تۆمارکراوی پەسەندکردنی ئەو، کە دوو هەفتە پێشتر گەیشتبووە ٣١ لە سەد. هەروەها لە نێوان دەنگدەری سەربەخۆدا، ٥٠ لە سەدیان ڕایانگەیاندووە دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێس دەنگدانێک دژی ترامپ دەبێت، لە بەرامبەردا تەنها ١٣ لە سەدیان ئەوەیان بە دەنگدانێک لە پشتیوانیی ئەو داناوە.

ڕاپرسییەکە بەشداریی ١٧٦٥ کەسی گەورەساڵی ئەمریکی لە سەرانسەری وڵاتی تێدا بووە و هەڵەی ئامارییەکەشی دوو خاڵی سەدییە. ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە که چاوی سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی ناوەڕاستی ئەمریکایە، کە دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر هاوسەنگیی هێز لە کۆنگرێس و توانای سیاسیی ترامپ بۆ بەڕێوەبردنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP