دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

قەیرانی کارەبا و سووتەمەنی ڕووسیا و ئوکرانیا دەهەژێنێت

هەرێـم نیوز

لەگەڵ چوونە ناو ساڵی پێنجەمی ململانێی نێوان ڕووسیا و ئوکرانیا، مەودای پێکدادانەکان پەرەی سەندووە و ژێرخانی سەرەکی و بنکەکانی وزەی هەردوولا بوونەتە ئامانجی سەرەکی.

ئەم دۆخە مەترسییەکی جددی دروست کردووە کە زستانێکی پێشوەختە و سەخت، قەیرانێکی مرۆیی و ئابووریی قووڵ بەدوای خۆیدا بهێنێت، نەک تەنها بۆ هەردوو وڵات، بەڵکو بۆ تەواوی کیشوەری ئەورووپا. لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیای حکومی «نافتۆغاز»ی ئۆکرانی هۆشداریی داوە کە هەرچەندە کیێڤ توانیویەتی تا سەرەتای تشرینی یەکەم نزیکەی ١٦ ملیار مەتر سێگۆچەرا غاز بۆ زستان دابین بکات (کە ئەوەش لە سەرووی کەمترین ئاستی داواکراوی حکومییە کە ١٣.٢ ملیار مەتر سێگۆچەیە)، بەڵام هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا مەترسییەکی گەورەن؛

تەنها لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بنکەکانی غازی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی زیاتر لە ٤٠٠ هێرش بوونەتەوە کە دوو هێندەی ساڵی ٢٠٢٥ دەبێت. هاوکات تێکچوونی وێستگە گەرماییەکان وایکردووە تەنانەت ئەگەر غازیش هەبێت، گەرمکردنەوەی گەڕەکەکان ئەستەم ببێت، و شارەزایانی وزە پێشبینی دەکەن ئەگەر پلەکانی گەرما دابەزن بۆ ١٠ پلە ژێر سفر، ئەوا پچڕانی خشتەیی کارەبا لە شارەکانی وەک کیێڤ و ئۆدێسا ڕەنگە ڕۆژانە بگاتە ١٠ بۆ ١٢ کاتژمێر.

لە بەرامبەردا، سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا خاوەنی سامانێکی زەبەلاحی وزەیە، بەڵام لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە لە پڕۆسەی پاڵاوتنی نەوت و دابینکردنی سووتەمەنی ناوخۆیی. هێرشی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگە سەرەکییەکانی ڕووسیا وەک پاڵاوگەی ڕیازۆن، کێبڕکێی چاککردنەوەی ناوخۆیی قورس کردووە. ئاستی پاڵاوتنی نەوت لە هاوینی ڕابردوودا دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا دابەزی؛ بە شێوەیەک بەرهەمهێنانی بەنزین ٢٠٪ و دابینکردنی دێزل نزیکەی ٣٠٪ کەمی کرد، ئەمەش وایکرد لە هەندێک ناوچە قەیرانی کەمبوونەوەی سووتەمەنی سەرهەڵبدات.

سەرەڕای ئەم قەیرانە ناوخۆییانە، پێشبینی ناکرێت ڕووسیا کێشەی نەبوونی سیستەمی گەرمکەرەوەی گشتیی هەبێت، بەڵام کێشەی لۆجیستی لە گواستنەوە و کشتوکاڵدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەم دۆخە ئاڵۆزە تەنها سنووردار نییە بۆ ناوخۆی ڕووسیا و ئوکرانیا، بەڵکو قەیرانی دابینکردنی غازی شل (LNG) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و تێکچوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکان، وایکردووە ئەورووپا بە کۆگایەکی کەمی غازەوە پێشوازی لە زستان بکات، ئەمەش نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزتر دەکاتەوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، هەردوو وڵات بە هەموو توانایانەوە هەوڵی خۆپاراستن دەدەن؛ ئۆکرانیا خەریکی خێراکردنەوەی چاککردنەوەی وێستگەکان و بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانییە و ٢٤ سیناریۆی بۆ پێشوازی لە زستان ئامادە کردووە، لە کاتێکدا ڕووسیا هەوڵی کەمکردنەوەی هەناردەی سووتەمەنی دەدات بۆ پاراستنی بازاڕی ناوخۆ، لەگەڵ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی چاککردنەوەی خێرای پاڵاوگەکان.

لە کۆتاییدا، شارەزایان پێیان وایە سەرەڕای قورسیی ئەم زستانە و هەڕەشە مرۆییەکان، ئاستەنگە و کێبڕکێکانی وزە لەم وەرزی ساردەدا، کاریگەرییەکی سیاسیی یەکلاکەرەوە لەسەر هەڵوێستی هەردوولا دروست ناکات بۆ پێشکەشکردنی ئاگربەست یان سازشکردن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP