دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆڕەک تیلیکۆم: دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن پابەندی بڕیارەکانی دادگا نابێت

هەرێم نیوز
⠀
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی بە پێشێلکردنی یاسا و پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی دادگا تۆمەتبار کرد.
⠀
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی 11ـی 2026، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە سەرجەم ڕێکارە یاساییەکانی گرتووەتەبەر دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکلاکردنەوە کە پێشتر بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیران دیاری کرابوو، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەرۆکی دەستەکە بارەگای کۆمپانیاکەی داخستووە.
⠀
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرەڕای ئەوەی کۆڕەک تیلیکۆم بڕیارێکی دادوەریی خێرای بەدەستهێناوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دەستەکە و کاراکردنەوەی گرێبەستەکە، بەڵام دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن لەبری جێبەجێکردنی بڕیاری دادگا پاساوی نوێ بۆ بەردەوامبوون لە ڕێکارەکانی دەهێنێتەوە.
⠀
لە کۆتاییدا کۆمپانیاکە جەختی لە پاراستنی مافی خۆی کردووەتەوە بۆ داواکردنی قەرەبووی ئەو زیانانەی بەری کەوتوون، وەک بەڵگەیەکیش بۆ بوونی هەڵوێستی پێشوەختە دژیان، ئاماژەی بە نووسراوێکی دەستەکە کردووە کە بەرواری ئەمڕۆی لەسەرە، بەڵام واژۆی ڕۆژی ٢٩ـی مانگی ڕابردووی تێدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP