هەرێم نیوز
⠀
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرۆکی تەمەن دەکات دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکان نەماوە.
⠀
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی 10ـی 2026، ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، پێویستە سەرۆکی تەمەن بەبێ مەرج ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.
⠀
لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکە و تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان لە ئەستۆی سەرۆکی تەمەندایە.
⠀
فراکسیۆنی پارتی هۆشداری دەداتە ئەو لایەنانەی ئامادەی دانیشتنەکە نابن کە بەرپرسیارێتیی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆیان.
⠀
هاوکات ڕایگەیاندووە، فراکسیۆنی پارتی بەتەواوی ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکە و کاراکردنەوەی پەرلەمان.
⠀
ئەم داواکارییەی فراکسیۆنی پارتی لە کاتێکدایە کە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەی یەکەم، تاوەکو ئێستا لایەنەکان نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەتی نوێ بگەنە ڕێککەوتن.