هەرێم نیوز
بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ عێراق و پاکستان، ئێران ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی توندی بازرگانیی وشکانی بووەتەوە، و ئەم هەنگاوە کە هاوکاتە لەگەڵ سزاکانی ئەمریکا، جووڵەی بازرگانیی تاران و قەیرانێکی سەختی ئابووریی بۆ هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.
داخستنی دەروازە سنوورییەکان و کاریگەرییە لەسەر بارهەڵگرەکان
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە که عێراق دەروازەی "شیب" و پاکستان دەروازەکانی "گابد و تەفتان"یان بە ڕووی ئێراندا داخستووە. هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش لە هەوڵی بڕینی تەواوەتیی ڕێڕەوە وشکانییەکانی ئێرانە لەگەڵ پاکستان و تورکیا، بۆ ناچارکردنی تاران بە مەبەستی پێدانی سازش لە دۆسیە ئەتۆمییەکەی.
داخستنی ئەو دەروازانە قەرەباڵغییەکی بێپێشینەی دروست کردووە؛ زیاتر لە ١٧ هەزار بارهەڵگر لەسەر سنوورەکانی تورکیا، ئەفغانستان و ئازەربایجان گیریان خواردووە و ماوەی چاوەڕوانی گەیشتووەتە ٢٠ ڕۆژ. بەهۆیەوە هەزاران تۆن بەرهەمی کشتوکاڵی خراپ بوون و زیاتر لە چوار هەزار تۆن غازی شل لەسەر سنووری پاکستان ماوەتەوە.
داڕمانی ئابووری و دابەزینی بەهای تمەن
گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکانی سەر کەرتی بانکی، هەناردەی نەوتی ئێرانیان ڕاگرتووە و بەهای تمەنیان گەیاندووەتە نزمترین ئاست، کە یەک دۆلار بەرامبەر دوو ملیۆن و ٧٤٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت. بەپێی ئامارەکان، خێزانە ئێرانییەکان ٩٠٪ـی توانای کڕینیان لە دەست داوە و نرخی خۆراک لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ١٢٨٪ بەرز بووەتەوە.