هەرێم نیوز
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق هۆکاری گرانبوونی بلیتی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی (Iraqi Airways) بۆ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و لابردنی پاڵپشتیی حکومی دەگەڕێنێتەوە، هۆشداریش دەدات کە ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی ئیفلاسبوون دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی 10ـی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند کە هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی بلیتی فڕۆکە تەنها پەیوەندیی بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری وەزارەتی نەوت کە نرخی سووتەمەنی بە دراوی بیانی (دۆلار) هەژمار دەکات.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، نرخی هەر لیترێک سووتەمەنی کە پێشتر هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە 300 دینار وەریدەگرت، بۆ یەک دۆلار (1500 دینار) بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا تانکیی فڕۆکەکان لە نێوان 20 بۆ 45 هەزار لیتر سووتەمەنی دەگرن. ئەمەش کۆتایی بەو پاڵپشتییە حکومییە هێنا کە لە ساڵی 2003ـەوە بۆ کۆمپانیاکە فەراهەم کرابوو.
سەرچاوەکەی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لە گرانبوونی سووتەمەنی، هێڵی ئاسمانیی عێراقی پابەندییەکی یاسایی لەسەرە کە داشکاندنی 90٪ـی بلیت بۆ هەندێک توێژی وەک خانەنشینان، بریندارانی جەنگ و تووشبووانی شێرپەنجە بکات.
ئەم بارگرانییە داراییانە وایان کردووە کۆمپانیا نیشتمانییەکە نەتوانێت کێبڕکێی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بکات کە لەلایەن وڵاتەکانیانەوە پاڵپشتی دەکرێن، و ئەگەر ئەم بڕیارە بەردەوام بێت، کۆمپانیاکە ناتوانێت تێچووی کارپێکردنی فڕۆکەکانی دابین بکات و ڕووبەڕووی زیانی گەورە و ئیفلاسبوون دەبێتەوە.