هەرێم نیوز
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراق ڕایدەگەیەنێت، داهاتی نەوتی عێراق بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش داخستنی گەرووی هورمز.
وردەکاریی قەبارەی هەناردە و نرخەکان
مەرسومی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، سەرەڕای داشکاندنی بەرچاوی نرخەکان، کە دەگاتە ٣٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە پێشکەش دەکرێت، بەڵام نرخی پوختەی (صافی) فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق لە ئێستادا نزیکەی ٦٥ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەو شارەزایەی ئابووری ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ گەڕانەوەی باری نەوتی کەنداو (بە عێراقیشەوە) بۆ زیاتر لە ٨٠٪ی ئاستی پێش داخستنی گەرووی هورمز، پێشبینی دەکرێت کۆی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەم مانگە بگاتە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە داهاتی نەوت بۆ ئەم مانگە بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستێک کە زۆر نزیک دەبێتەوە لە داهاتی پێش داخستنی گەرووەکە.