دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند؛ ئەورووپا نیگەرانە و نەتانیاهۆ پێشوازی دەکات

هەرێم نیوز

هاوکات لەگەڵ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە (ناڤی پیلای) دادوەری پێشووی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەلایەن ئەورووپاوە؛ ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی سزای بەسەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند و کارکردنی لەگەڵ ئەو دادگایە قەدەغە کرد.

پەیامی ڕوبیۆ؛ هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ ڕێگە بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نادات لێپێچینەوە لە هاووڵاتییانی ئەمریکی بکات. ڕوبیۆ گوتی: "سزاکانمان مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دادگا لاسارە قەدەغە دەکات و سەرچاوەکانی دارایی دەبڕێت، توانای دادگاکە بۆ کارکردن لەدژمان لاواز دەکات."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەندام لە دادگاکە کرد و ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن وڵاتە هاوپەیمانەکانیان کە ئەندامن لە دادگاکە و پشت بە ئەمریکا دەبەستن، ئەو دادگایە جڵەو بکەن؛ ئەگەر جڵەوی نەکەن واشنتن بە تەواوی دادگاکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

وەڵامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی؛ پارێزگاریکردن لە سیستەمی نێودەوڵەتی
لە بەرامبەردا، نزهات شمیم خان، جێگری داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەبارەی سزای ئەمریکاوە قسەی بۆ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت سزاکانی ئەمریکا سەرکۆنە بکرێن کە ئامانجیان لاوازکردنی یاسای نێودەوڵەتی و کاری دامەزراوە دادوەرییە سەربەخۆکانە.

هاوکات دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد، سزاکەی ئەمریکا ئامانج لێی پەکخستن و تۆقاندنی فەرمانبەرانی دادگاکە و ئەوانەیە کە کاری لەگەڵدا دەکەن، جەختیشی کردەوە کە نابێت کەس سزا بدرێت لەسەر خزمەتکردنی دۆزی دادپەروەری، و مێژووش ئەم ساتەوەختە دادگایی دەکات. دادگاکە ئاماژەی بەوەش دا: "ئەمە پرسێکە پەیوەندی بە بەرگریکردن نییە لە تاکە دامەزراوەیەک، بەڵکو پارێزگاریکردنە لە سیستەمی نێودەوڵەتی؛ پەیڕەوی بنەڕەتیی ڕۆما بەڵێننامەیەکی بەکۆمەڵە لەبارەی ئەوەی نابێت تاوانە مەترسیدارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەبێ سزا تێپەڕن."

پەرچەکرداری ئەورووپا و ئیسرائیل
بڕیارەکەی ئەمریکا بە خێرایی ئەورووپییەکانی نیگەران و تووڕە کرد:
•وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا: ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی بێوچانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و وەک وڵاتی میوانداری دادگاکە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دڵنیابوون لەوەی دادگاکە بە دروستی کارەکانی خۆی دەکات.

•کۆمسیاری ئەورووپا: نیگەرانیی خۆی لە سزاکانی ئەمریکا دەربڕی و جەختی لەسەر کارکردن لەگەڵ دادگاکە کردەوە بۆ گەرەنتیی بەردەوامبوونی پاره‌کانی و پابەندبوون بە پەیڕەوی بنەڕەتیی (ڕۆما).

•ئیسرائیل: بە پێچەوانەی ئەورووپییەکان، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشوازیی لە سزاکانی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، ئەمە دادگا نییە، بەڵکو دەستەیەکی سیاسییە کە هەڕەشە لەو وڵاتە دیموکراتییانە دەکات کە پابەندنی بە یاسا و سەروەریی نیشتمانییەوە.

پاشخانی سزاکان
ئیدارەی ترەمپ لە مێژە دژایەتیی ئەو دادگایە دەکات و پێشتر سزای بەسەر داواکاری گشتی و دادوەرەکانیدا سەپاندووە. هەنگاوەکەی ئەمڕۆ زۆر لەوە زیاتر دەڕوات و ئەگەری هەیە سزای ئەو کۆمپانیایانەش لەخۆ بگرێت کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە خودی دادگاکە دەکەن. واشنتن دەمێکە نیگەرانە لە فەرمانی دەستگیرکردنی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل، لەنێویاندا بنیامین نەتانیاهۆ، هەروەها بەهۆی لێکۆڵینەوەیەکی پێشووتر لە کردەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، کە لەو کاتەوە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان دۆسیەکەی دایخستووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP