هەرێم نیوز
وەزیری دارایی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی پابەندی تەواوی خۆی دووپات دەکاتەوە لەسەر دابینکردن و خەرجکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە ٧.٧ تریلیۆن دینار.
ئەمڕۆ هەینی، 9ـی 10ـی 2026، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆ تاوتوێکردنی بەهای دۆلار و هەوڵەکانی جێگیرکردنی، وەزیری دارایی چەند داتایەکی گرنگی خستەڕوو.
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە کرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەی نوێدا پشکی داهاتی نانەوتی بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکراوەتەوە بۆ ١٩٪، لە کاتێکدا لە یاسای پێشووی بودجەدا تەنها ١١٪ بووە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
هاوکات تیشکی خستە سەر هەوڵە ئابوورییەکانی دیکەی حکوومەت و ڕوونی کردەوە کە بڕی یەک تریلیۆن دینار لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی نیشتەجێبوون تەرخان کراوە، لەگەڵ یەکلاکردنەوە و خەرجکردنی سەرجەم شایستە دارایییەکانی ئەو پڕۆژانەی ئاوەڕۆ کە کاری جێبەجێکردنیان کۆتایی هاتووە.