هەرێم نیوز
ئەمشەو 11 کۆچبەری گەنجی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا ڕوویان لە لیبیا کردبوو، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی تەرابلووسەوە دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 10ـی 2026، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا ڕایگەیاند، ئەو کۆچبەرانە لە لیبیا ڕووبەڕووی برسێتی، مەترسی خنکان و بێسەروشوێنبوون بووبوونەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هەماهەنگی بۆ گەڕاندنەوەی 402 کۆچبەری عێراقی کراوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە کە تیمی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبن و کۆچبەرەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن تیمەکەوە وەردەگیرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجام دراوە.